ئاغا و خانمی کڕاواتی
پهری كهریمی نیا
ئەوەی کە ژنێک جلێکی کورت لە بەربکات و بە بەردەمتاندا بڕوات چ هەستێک دەتانگرێت و یا چی لە مێشکتاندا دەخوڵقێنێت، بۆ خانمی کڕاواتی خاڵێک نەبوو کە ئەوڕۆ ببێتە بەربەست. بەربەستێک کە نەهێڵێت جلێکی کورت لە بەر بکات، جلێکی کورتی تا سەرئەژنۆ، تەخت خۆڵەمێشی پڕ لە گوڵی سوور و سپی. گۆرەوییەکی ناسک ناسکی گۆشتی شووشەیشی لە پێکرد. گۆرەوییەکە رێکیەکی دڵفڕێنی بە پاوپووزی خانمی کڕواتی بەخشی. کراسەکەی بێقۆڵ بوو.
پێش ئەوەی لە ماڵ بێتە دەر، ئاغای کڕاواتی پرسیارێکی خستە بەردەمی کە ئەو جلە هەروا کورت بووە یا خۆی ئاوا کورتی کردۆتەوە. خانمی کڕاواتی سەیرێکی مۆبلەکەی کرد کە لە سەری دانیشتبوو. بەو سەیر کردنە ئاغای کڕاواتی واتێگەیشت کە خانمی کڕاواتی دەیەوێت بڵێت کە موبلەکە جلەکەی ئەوی کێشاوەتە سەرەوە. خانمی کڕاواتی کاتێک کە لە سەر موبلەکە دانیشتبوو، موبلە رێڕێکە رەنگە ویستبێتی کە هەندێ ژوورتر لە ئەژنۆی خانمی کڕاواتی ببینێت، بویە پێستە رێڕێکەی لە جلەکەی گیراندووە. بە هەر جووڵەیکی خانمی کراواتی، موبلە رێڕێکە هەندێ لە جلەکەی بردۆتە سەرەوە. ئەو کات کە خانمی کڕاواتی لە سەر موبلەکە هەستاوە، جلەکەی یەک بست لە سەر ئەژنۆیەوە بووە. لە هەمان کاتیشدا هەستی کرد کە جلەکەی بە موبلەکەوە نووساوە. هێزێکی زیاتری بەردایە خۆی بۆ ئەوەی لە موبلە خۆی جوێ بکاتەوە. کە جووڵەکەی کرد، دەنگێکی دوور و لێڵی کەوتە بەر گوێ.
ـ میاو...
سەیرێکی ناو ژوورەکەی کرد، پشیلەیەکی بەرچاو نەکەوت. وایداینا کە جیڕەی موبلەکە بووبێت.
کە هەستا بە جێی ئەوەی سەیری ئاغای کڕاواتی بکات، سەیری موبلەکەی کرد کە لەشی شوێنێکی لە سەر مووبلەکە بەجێ هێشتبوو. دەرەوشاوەییەک لەسەر ئاوێنەکەی بەرانبەر، سەرەنجی خانمی کڕاواتی بۆ لای خۆی راکێشا. سەیرێکی ئاوێنە رەنگ زێڕینەکەی کرد و سووڕێکی بە دەور خۆیدا لێدا. ملی جلە کورتەکەی تۆزێک راستەو پاستە گرت. لە ئاوێنەکەوە ئاغای کڕاواتی بینی کە خەریکە شوێنی بەجێماوی لەشی لەسەر موبلەکە دەشەوێنێت. لەو راستەو پاستە گرتنەی ملی کراسەکەیدا، ملوانکەکەی رێک و پێکتر کرد. ملوانکەکە شێوەی دارێک بوو کە پەڕ و باڵی بە دەورووبەری خۆیدا کێشا بوو. مەبەستی خانمی کڕاواتی لە رێک کردن ئەوە نەبوو کە چرچ و لۆچی زریزەی ملوانکەکە لاببات، بەڵکوو زریزەکەی کورتر کردەوە و لە ناوەڕاستی سینگیدا داینا. ئاوا گەردنی بەرزتر و کێشراوتر خۆی دەنواند.
ـ کێلگەردن.
خانمی کڕاواتی ئەم وشەیەی بە ئەسپایی لە دڵی خۆیدا وت.
لە ئاوێنەکەوە بارانی بینی کە نمە نمە خۆی دەکێشێت بە شووشەی پەنجەرەکەدا. پەردەکە نم نمی بارانەکەی لێڵ کردبوو. مێزی قاوە خواردنەکەی تێپەڕاند و بەرەولای پەردەکە چوو هەڵیبداتەوە. خۆی باریک کردەوە بۆ ئەوەی لە هێچ کوێ نەگیرێت و گۆرەوییەکانی تاڵکێش بێت. باران لە نمە نمە زیاتر بوو. باران بە رەهێڵە دەباری. رەهێڵەکان یەک یەک و جووت جووت خۆیان بە شووشەکەی خانمی کڕواتیدا دەکێشا. خانمی کڕاواتی هەستی کرد کە شووشەکە بە تەواوەتی لە بەردەم ئەو رەهێڵانەدا خووساوە. تامەزرۆی ئەوەی کرد کە ئەویش لەو خووسانەدا بەشدار بێت. خۆی نووساند بە پەنجەرەکەوە.
ـ میاو..
ئەو دەنگە سەرەنجی خانمی کڕاواتی بۆ دەرەوە راکێشا. پشیلەیەک بە پەلە لە جادەکە دەپەڕایەوە.
کە خۆی بە پەنجەرەکەوە نووساند، فێنکایەتییەکی هەست پێکرد. هەر چەند هەستە بچووک بوو بەڵام هەر چییەک بێت هەست بوو. خانمی کڕاواتی وای بیر دەکردەوە کە ئەگەر بێتوو پەنجەرەکە بە جێگەی ئەوەی کە بە دیوارەوە هەڵواسراوە هەر وا لە سەر عەرز رابکێشرایە بێگومان زیاتر لە بەردەم رەهێڵەکاندا دەخووسا و ئاستی هەست بە فێنکایەتی لە ئەمیشدا سەر دەکەوت.
لەشی خانمی کڕاواتی گەرمایەکی بە شووشەکە بەخشی. هەڵمێک لە سەر شووشە خووساوەکە دروست بوو. هەڵمە لە سەر بەشەکانی تری شووشەکە پەرەی سەند. خانمی کڕاواتی بە هاڵاوی دەمی، پەرەی بە گەورە بوونی هەڵمەکە بەخشی. هەڵمە لە سەر شووشە خووساوەکە بووە بازنەیەکی گەورەی تۆخ. پێش ئەوەی کە بازنە گەورە تۆخەکە کاڵ بێتەوە، باسکە رووتەکانی نووساند بە پەنجەرەکەوە. بە دوو قامک دڵێکی گەورەی لە سەر هەڵمەکە کێشایەوە. دڵێکی گەورە بە راددەی گەورەیی هەڵمەکە.
ئاغای کڕاواتی لەو کاتەدا کە خانمی کڕاواتی بەم کارانەوە سەرقاڵ بوو، چووە بەردەرگا بۆ ئەوەی بزانێت کە ئەوڕۆ هیچ پوستێکیان هەبووە یا نا. کە گەڕایەوە دەستی بەتاڵ بوو.
پیش ئەوەی ئاغای کڕاواتی بێتە ژوورەوە، بینی کە دڵێک و رەهێڵەکانی باران بە سەر شووشەی پەنجەرەکەوە راوەستاون. خانمی کڕاواتی بە جلە کورتەکەیەوە تازە دەستی لە کێشانی دڵەکە هەڵگرتبوو. رەهێڵەکانی باران بە حوججەت خۆیان بە سەرو ملی ئاغای کڕاواتیدا دەکێشا. ئاغای کڕاواتی بە پەلە خۆی بە ژوورێدا کرد. پێش ئەوەی دەرکەکە دابخا بینی کە پشیلەکە بۆ پەنایەک دەگەڕێت کە خۆی لەو رەهێڵە بارانە رزگار بکات. خۆ کردن بە ژوورێی ئاغای کڕاواتی و شکایەت کردن لە رەهێڵەکانی باران پێکەوە روویدا. ئاغای کڕاواتی داوای لە خانمی کڕاواتی کرد کە لە بەر پەنجەرەکە بێتە ئەملاوە. خانمی کڕاواتی لە بەر پەنجەرە هاتە ئەملاوە، بەڵام دڵەکەی لە سەر شووشەی پەنجەرەکە بە بێدەستکاری واز لێهێنا. پەردەکەیشی دانەدایەوە.
هەر کە خانمی کڕاواتی بەر پەنجەرەکەی بەجێهێشت، ئاغای کڕاواتی بە پەلە پەردەکەی دادایەوە. ویستی پەردەکە وەکوو یەکەم جار رێک و پێک بکاتەوە، واتە بیخاتە سەر دۆخی پێشتری، دۆخێک پێش ئەوەی خانمی کڕاواتی رێکخستنەکەی بشەوێنێت. ئاغای کڕاواتی جارێک سووچی راستی پەردەکەی هەڵگرت و دایەوە بەسەر لاکەی دی پەردەکەدا. تۆزێک سەیری کرد ئەمەی بە دڵ نەبوو. پێی وانەبوو کە پەردەکە سەرەتا وابووبێت. جارێکی دیکە دەستی برد کە بە رێک و پێک کردنی لۆچەکانی پەردەکە ئەو رێکخستنەوەیە دروست بکاتەوە. لۆچی لای راستی زیاد کرد و لە لای چەپی لۆچییەکی کەمتری بەجێهێشت. ئەمەشی تێکداو لۆچەکانی لە ناوەڕاستی پەردەکەدا کۆکردەوە. لای راست و چەپی پەردەکە وەک سەری کەچەڵ وابوو. ویستی شێوەیەکی دی تاقی بکاتەوە.
لە هەمان کاتدا کە ئاغای کڕاواتی ویستی شێوەیەکی تر تاقی بکاتەوە، خانمی کڕاواتی دەرکەی دەرەوەی کردەوە. لەوە دەچێت هەر دووکیان پێکەوە پشیلەکەیان دیبێت کە خۆی لە ژێر ماشینەکەی خانمی کڕاواتیدا حەشار داوە. خانمی کڕاواتی دەیویست بڕواتە دەر. پشیلە بە کراونەوەی درگاکەش هیچ جووڵەیەکی نەکرد و هەر بەو شێوەی پێشوو درێژەی بە خۆ حەشاردانەکەی لە ژێر ماشینەکەدا دایەوە.
ئاغای کڕاواتی لە گەڵ ئەوەی کە هێشتا هەر خەریکی رێکخستنەوەی پەردەکە بوو لە پشت پەردەکەوە سەیری دەکرد کە خانمی کڕاواتی بە دەست پشیلەکەی گرتووە و لە ژیر ماشینەکەی لایدەبات. پشیلەکە نایەوێ بچێتە بەر رەهێڵەکە باران. چڕنۆک لە دەستی خانمی کڕاواتی دەگرێت. ئاغای کڕاواتی خانمی کڕاواتی بینی کە پشیلەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە. رەنگە ئێشی چڕنۆکەکە زۆر بووبێت و یا پشیلەکە خۆی خۆی خست بێتە خوارەوە. نەیزانی. کە سەیری دەمووچاوی خانمی کڕاواتی کرد هیچ شتێکی نەخوێندەوە.
پشیلەکە بە ژێر بارانەکدا غاریدا.
ئاغای کڕاواتی هێشتا دەستی لە رێکخستنەوەی پەردەکە هەڵنەگرتبوو کە خانمی کڕاواتی ماشینەکەی هەڵکرد.
خانمی... چرای دەستی چەپی لێدا.
لیدز، سێشەم
٢٧/٩/٢٠١٦
بهشێك له رۆمانی نێكرۆپۆلیس...
ما را در سایت بهشێك له رۆمانی نێكرۆپۆلیس دنبال میکنید
برچسب: نویسنده: بازدید: 108 تاريخ: جمعه 4 اسفند 1396 ساعت: 0:52