فیلم خودی ڕاسته‌قینه‌ی ژیانه
په‌ری كه‌ریمی نیا

هالیوود وه‌ك كۆمپانیه‌كی گه‌وره‌و به‌هێزی بەرهەمهێنانی فیلم له جیهاندا ناسراوه و حاشاهه‌ڵنه‌گره كه كاریگه‌ری له سه‌ر سینه‌مای هه‌موو وڵاتانی جیهان هه‌بووه و هەنووکەش دەسەڵاتی سەرەکی لەم بوارە لە دەست دایە. هالیوود كاریگه‌ریه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده زۆر بووه كه، هه‌ندێك وڵات له هەمبەری وه‌ستاونەتەوە و بیریان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ڕێگایه‌ك بۆ به‌هێزكردنی سینه‌مایی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه. بۆ ئه‌و مەبەستەش، گرینگ ته‌نیا ئه‌وه نیه كه بودجه‌ی زۆرت له به‌رده‌ستدا بێت، به‌ڵكوو گرینگ ئه‌وه‌یه كه بزانیت چۆن فیلمه‌كه ساز بكه‌یت. سینه‌مای فه‌ڕانسه له‌م بواره‌دا نموونه‌یه‌كی فرە باشه. له شه‌سته‌كان زایینی‌دا كه هالیوود مێشك هه‌موو خه‌ڵكی فه‌ڕنسه و سینەمای ئەم وڵاتەی داگیر كردبوو، ده‌رهێنه‌ره‌كان بیریان له‌وه كرده‌وه كه چلۆن ده‌توانن له هەمبەر سینه‌مای هالیووددا بوهستنەوە. هالیوود به ئێستاشیه‌وه بەردەوام به‌وه به‌ناوبانگ بووه كه بودجه‌ی زۆر بۆ فیلمه‌كانی ته‌رخان ده‌كات، بەڵام ده‌رهێنه‌ره فهڕانسیهكان هاتن فیلمیان به كه‌مترین بودجهوهدروست كرد. بۆ نموونە، فیلم دروست كراوه کە تێچووی تەنیا ٧٠٠ دۆلار بووە. فیلمه هالیوودیهكان هه‌میشه له ستۆدیۆكاندا بەرهەم دەهاتن، ئه‌وان له فه‌ڕانسه هاتن ئه‌و سنووره‌یان شكاند و له ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆکان فیلمیان بەرهەم هێنا. ئیتر كۆتایی خۆشی
فیلم له فهڕانسە گرینگ نه‌بوو. ئه‌ستێره بوون و دروستكردنی ئه‌ستێره بایه‌خی خۆی دۆڕاند. ژن به شێوه‌ی تر وێنا كرا، لە ڕوانگەی سینەمای فەڕانسەوە، ئیتر نەدەبوو ژن هه‌میشه ده‌سته‌مۆ بێت و بۆ چێژی سێكسی له به‌رده‌ست پیاودابێت، به‌ڵكوو خۆی بوو كه خۆی دروست كردبوو. فیلمی "هه‌ناسه لێبڕاو"ـی ١٩٦٠ی ژان لۆك گۆدار نموونه‌یه‌كی هه‌ره باشی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه. سه‌ربه‌خۆبوونی سینه‌مای فه‌ڕانسه وایكرد كه هالیوود هه‌ر له شه‌ست و حه‌فتاكاندا لاسایی فه‌ڕانسه‌ی كرده‌وه و سینه‌مای نوێ و تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆی هالیوود دروستكرا. بانی و كلاید ١٩٦٧ و لێخوڕی تاكسی ١٩٧٦، به ڕوونی كاریگه‌ریی سینه‌مای فهڕانسەی به‌سه‌ره‌وه خۆیایە. هه‌موو ئه‌مانه ده‌یانهه‌وێ باسی ژیان به ده‌مووچاوه ڕاستهقینهكهیهوهبكهن. ئیتر سینه‌ما چوون و بینینی فیلم بۆ ئه‌وه نه‌بوو كه له ژیانی ئاسایت بباته ده‌ره‌وه و ئه‌و ماوه‌ی كه سه‌یری فیلمه‌كه ده‌كه‌یت به‌ری بێت له خه‌م و له کاتی بینینی فیلمەکە وا هەست بکەین کە لە به‌هه‌شتی، به‌ڵام دوای
فیلمه‌كه جه‌حه‌نده‌م بتگرێته‌وه خۆی.
فیلم بینین چێژ به‌خشه، جا چ وه‌ك سینه‌مای فه‌ڕانسه بێت یان وه‌ك هالیوود، چونكه بینه‌ر خه‌ریكی هه‌ڵكۆڵینی دونیایه‌كی نوێیه. فیلم هه‌ندێك جار زیاتر له‌مه ده‌چێته پێش و ده‌یه‌وێت له‌و دیوی ئه‌و پانتاییه بوونێكی تر و ژیانێكی تر بئافرێنێت، ئه‌و ژیانه‌ی سنووره‌كانی سیاسه‌ت ناتوانن بیبه‌زێنن. ئه‌و فیلمانه له‌و دیوی سیاسه‌ته‌وه كار ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه له فیلمێكدا نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵەت باس له ده‌وڵه‌ت و كیانی خۆیان بكه‌ن، ڕه‌نگه ژنان جیهانێک بۆ خۆیان دروست بكه‌ن كه تێیدا هه‌ندێك له پیاوان ئه‌و مافه نه‌ده‌ن به خۆیان كه ده‌ست درێژی بكه‌نه سه‌ر ژنان و ژنان چیتر خۆیان وه‌ك قوربانی نه‌بینن. ده‌ستدرێژی وه‌كوو هه‌موو په‌لاماردانێكی تره كه ژن ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیكه‌ر ده‌ستدرێژی نه‌كاته سه‌ری نه‌گری و نه‌پاڕێته‌وه به‌ڵكوو ده‌بێت به‌ره‌نگاری بێته‌وه، نەک وەک قوربانی، به‌ڵكوو وه‌ك پاراستنی مافی خۆت له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیكه‌ر. كه‌واته دروستكردنی ئه‌م ژیانه له‌و دیوی سنووره‌كانه‌وه له فیلمه‌كاندا ئه‌مرێكی پیرۆزه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شكاندنی سنووره ناڕه‌واكان بێت.
كارتێز ٢٠١٨، له ده‌رهێنانی یهماس تۆپۆلانسكیه كه به شێوی ڕه‌ش و سپی بەرهەم هاتووە. ئه‌م فیلمه باس لە ژیانی میكاییل كارتێز ده‌رهێنه‌ری فیلمی كازابلانكا ١٩٤٢ ده‌كات، واتا ئه‌و كاته‌ی كه فیلمی كازابلانكای دروست كردووه. فیلمه‌كه باسی ژینگە و دۆخی ئه‌و كاتی هالیوود ده‌كات كه چۆن فیلمی تێدا دروست كراوه و هالیوود چه‌نده کۆنترۆڵیبه سه‌ر ده‌رهێنه‌ر و كاره‌كته‌ر و سیناریۆ … هەبووە. له هه‌مان كاتیش‌دا فیلمی كارتێز ژیانی ئاسایی میكاییلیش باس ده‌كات كه چۆن له گه‌ڵ هاوژینەکەی و ژنه‌كانی تردا هه‌ڵسووكه‌وتی كردووه. كچه‌كه‌ی دێت بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێ كه ژیانی دایكی، وه‌ك جوویه‌ك له لایه‌ن نازیه‌كانه‌وه، له مه‌ترسیدایه. نامه‌ی دایكی هێناوه كه بیدات به كارتێز، به‌ڵام كارتێز نامه‌كه تا كۆتایی فیلمه‌كه ناكاته‌وه. كچه ده‌یه‌وێت باوكی به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌یه‌نێت كه بچن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی دایكی ڕزگار بكه‌ن. كارتێز له ناو فیلمه‌كه‌دا ته‌نانه‌ت نابێژێت كه ئه‌وه كچیه‌تی و هه‌موو پێیان وایه كه یه‌كێكی تر له‌و كه‌سانه‌یه كه سێكسی له گه‌ڵدا ده‌كات و زۆر بە سارد و سڕی هه‌ڵسووكه‌وتی له گه‌ڵدا ده‌كات. ئه‌م فیلمه ڕه‌ش و سپیه ته‌نیا كاتێك كه فیلم له ناو ستۆدیۆكاندا تۆمار ده‌كرێت گڵۆپێكی سوور هه‌ڵده‌بێ و ئه‌و گڵۆپه سووره ته‌نیا به‌شی ڕه‌نگی فیلمه‌كه‌یه ( هه‌ڵبه‌ت له كۆتایی فیلمه‌كه كاتێك كه كارتێز دانیشتووه و سه‌یری فیلمی كازابلانكا ده‌كات ڕه‌نگی شینی پڕۆژۆكتۆرهكهش دەبینین). هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕه‌نگه سووره یه‌كگرتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ فیلمی لیستەی شیندلێر ١٩٩٣.
له فیلمی لیستەی شیندلێردا كچه كۆت سووره‌كه، ڕه‌نگی كۆته‌كه‌ی له ناو سكانێكی ڕه‌ش و سپی‌دا زه‌ق ده‌كرێته‌وه. فیلمه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌نگییه به‌ڵام ئه‌و سكانه بۆ نیشان دانی سووتاندنی جووه‌كان له لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه ده‌بێته ڕه‌ش و سپی. كارتێز هه‌ر كاتێك كه فیلم تۆمار ده‌كرد، گڵۆپی ستۆدیۆکە سوور ده‌بێت به‌و مانایە كه كه‌س مافی نیه بچێته ژوورهره، چونكه فیلمه‌كه خه‌ریكه ڕیكۆرد ده‌كرێت. له ناو ستۆدیۆی تۆمار كردنی فیلمه‌كه، تەنگژە دێتە ئاراوە، بۆ نموونه كه‌سێك كه دەوری كه‌سێكی نازی لە فیلمەکەدا ده‌بینێت به‌ڵام خۆی قوربانیی ده‌ستی نازیهكانه، نایهه‌وێ سروودێك بخوێنێت كه خۆشحاڵی و سه‌ركه‌وتنی نازیه‌كان نیشان ده‌دات، یان كچه‌كه‌ی خۆی له كاتی ریكۆرد دا تێدەگات كه باوكی كوڕێكی له ژنێكی تر هه‌یه و ده‌بێته هۆی داچڵهكاندنی كچه‌كه. یان كارتێز به به‌رده‌وامی له گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمەکەدا مشت‌ومڕ و ناکۆکی هەیە.
بۆچی ئه‌و دیوی گڵۆپه سووره‌كه جیهانێکی تره؟ جیهانێک كه كارتێز ده‌یهه‌وێت خۆی بیخوڵقێنێت له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ده‌بێت و نابێت. خۆیه‌تی كه ده‌ڵێ ئه‌كشێن و سنووره‌كان ده‌به‌زێنێت. با ته‌نیا باسی سكانسی کۆتایی فیلمه‌كه بكه‌م كه كچه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێی ده‌كات كه باوكی له‌گه‌ڵی بڕوات و دایكی له ده‌ست نازیه‌كان ڕزگار بكه‌ن. كارتێز نامه‌ی ژنه‌كه ده‌خوێنێته‌وه. فرمێسك به چاوانیدا دێته خوار. له به‌رانبه‌ر دوو ڕێیانێک دایە: یه‌كه‌م ئەوەی کە له گه‌ڵ كچه‌كه‌یدا بچێت و ژنه پێشوه‌كه‌ی له مردن ڕزگار بكات یان بچێت و جیهانی خۆی له‌و دیوی سنووره‌كانه‌وه بخوڵقێنێت و گه‌لێك ڕزگار بكات. كچه‌كه له‌به‌رده‌م ستۆدیۆكه به جانتاكه‌یه‌وه چاوه‌روانی باوكیه‌تی. بینه‌ر چاوه‌ڕوانه كه كارتێز بچێت بۆ لای كچه‌كه‌ی چونكه باوكی پێش ئه‌وه گوتی كه ئه‌و پیاوه بێڕه‌حمه‌ی پێشوو نیه و ده‌یهه‌وێت بگۆڕێت. كه‌واته بینه‌ر ده‌یهه‌وێ كارتێز بچێت بۆ لای كچه‌كه‌ی. له ستۆدیۆ كه‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌و ناكات كه درێژه به كاره‌كه‌ی وه‌ك ده‌رهێنه‌ر بدات و خاوه‌نی كۆمپانی ده‌یهه‌وێت به دڵی خۆی كۆتایی به فیلمه‌كه بێنێت، بەڵام ده‌چێته ناو ستۆدیۆ و به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی هه‌موان ده‌ڵێت خۆی ده‌زانێت چۆن كۆتایی به فیلمه‌كه بێنێت. كارتێز زۆر سووره له سه‌ر قسه و كاری خۆی. خاوه‌نی كۆمپانی ده‌یه‌وێت كه ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌رببڕێ و داوا له كارتێز بكات كه بچن له ژوورێكی تردا پێكه‌وه قسان بكه‌ن، بەڵام کارتێز ڕەتی ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كت هه‌یه لێره له به‌رده‌م هه‌موان بیكه و پاشان له ستۆدیۆ وه‌ده‌ری ده‌نێت. ئامانجی كارتێز ئه‌وه‌یه كه به فیلمه‌كه‌ی كاریگه‌ری له جیهاندا دروست بكات. ئه‌و به هۆی كازبلانكاوه توانی خه‌ڵكی ئه‌مریكا ئاگادار بكاته‌وه له‌و کۆمەڵکۆژیەی كه له ئه‌ورووپا ڕوودیدا. ئه‌و ئه‌ركی خۆی وا پێناسه نه‌كردبوو كه ته‌نیا یه‌ك كه‌س له مه‌رگ ڕزگار بكات و به فیلمه‌كه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆری ڕزگار كرد و به قسه‌ی خۆی مێژووی له ناو فیلمه‌كه‌دا دروست كرد، مێژوویه‌ك كه سیاسه‌ت له جیهانی ڕاسته‌قینه‌دا توانایی ئه‌وه‌ی نه‌بوو سازی بكات، فیلم بووه ئامرازێك بۆ كارتێز كه
سنوور ببه‌زێنێت و له دوێل dwell ( تێرمێكی هایدگرییه) دا ببێته ڕزگاریكهر. هه‌مووانی برد بۆ شوێنێك كه ده‌ستی كه‌سی پێنه‌ده‌گه‌یشت. ژیانی ڕاسته‌قینه، ناو فیلمه‌كه بوو نه ده‌ره‌وه‌ی فیلمه‌كه كه مرۆڤه‌كان خاوه‌ن ده‌مامك بوون و بێده‌سه‌ڵات. فیلم خودی راسته‌قینه‌ی ژیانه.
فیلمی كارتێز هه‌ر چه‌ند خۆی فیلمێكی هالیوودیه، به‌ڵام دژی پرنسیپه‌كانی هالیوودیش وه‌ستایه‌وه. هالیوود هه‌ڵاتن له ژیانی ڕاسته‌قینه بووه به‌ڵام كارتێز پێمان ئێژێ كه فیلم ده‌بێت له چێژی تاكه‌كه‌سی بێته ده‌ر ئامانجی گشت بپێكێت. جیهانێك دروست ده‌كات له‌و دیو هه‌موو شتێكه‌وه. جیهان كاتێك دروست ده‌بێت كه واز له ژیانی دووپاته بێنین.
له كۆتاییدا، كارتێز له‌و دیوی هه‌موو شتێكی باوه‌وه ژیانێكی خوڵقاند و بوو بە تاكێك و ده‌م وچاوێك كه به فیلمه‌كه‌ی خه‌ڵكی ئه‌مریكای ئاگادار كرده‌وه كه چ شتێك له ئه‌ورووپا ڕوو ده‌دا. ده‌رهێنه‌ر ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیخواز نه‌بێت به‌ڵكوو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له به‌ر چاو بگرێت و ئه‌وه ئه‌و ئه‌ركه بوو كه كاتێز بەجێی گەیاند.
https://www.youtube.com/watch?v=sYzDlLiuKaQ
ترایهلی كارتێز
https://www.youtube.com/watch?v=BkL9l7qovsE
ترایهلی كازابلانكا
https://www.youtube.com/watch?v=8QD3VK5fShM
ترایهلی ههناسهلێبڕاو
https://www.youtube.com/watch?v=44gB58YS53A
ترایهلی لێخوڕی تاكسی
١٩٤٢٠٢٠ لیدز
به‌شێك له رۆمانی نێكرۆپۆلیس...
ما را در سایت به‌شێك له رۆمانی نێكرۆپۆلیس دنبال می‌کنید
برچسب: نویسنده: بازدید: 85 تاريخ: چهارشنبه 11 فروردين 1400 ساعت: 22:49